Accessibility links

ئۆکرانیا 56 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا دەخاتە خوارەوە


دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسی هێرشی کردووەتە سەر چەند شوێنێک، لەنێویاندا بازاڕێک لە شاری خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

پارێزگاری خارکیڤ ڕۆژی پێنجشەممە، 6ی مانگی دوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاند کە پارچەی یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە کەوتوونەتە خوارەوە، بووەتە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا لەو شارەدا.

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند بەرگرییە ئاسمانییەکانی توانیویانە 56 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ڕووسیا لە کۆی گشتیی 77 فڕۆکەی هێرشبەری ڕووسیا بەسەر 11 ناوچەی ئۆکرانیا لەناوببەن.

هەروەها پارێزگاری دنیپرۆپترۆڤسک لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاند کە هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕووسیا بە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیانی بە زیاتر لە 10 ماڵی ناوچەکەی گەیاندووە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانی "شاهید" کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرهەم هێنراون، لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 بووەتە یەکێک لە ئامێرە ئاسمانییە سەرەکییەکانی ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.

لە هەمان کاتدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی خستۆتە خوارەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، نزیکەی نیوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ئاسمانی دەریای ئازۆڤ و ئەوانی دیکەش لە سێ ناوچەی دیکەی ئەو وڵاتە خراونەتە خوارەوە.

پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆد لە ڕووسیا ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە گوندێکدا خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئۆکرانیا سەرقاڵی پەرەپێدانی پیشەسازییە چەکەکانییە، لەوانەش بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە هەمان کاتدا بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر دەستدرێژی ڕووسیا.

لە لایەکی دیکەوە ڕووسیا کە ئێستا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە، توانا و ڕادەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش فراوانتر کردووە.

XS
SM
MD
LG