ڕۆژی دووشەممە کرێملن ڕایگەیاند بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ڕووسیا بە وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکەشەوە، گفتوگۆ دەکەن بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانییان و کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
بڕیارە گفتوگۆکان ڕۆژی سێشەممە لە عەرەبستانی سعودیە بەڕێوەبچن، گفتوگۆکان مەبەست لێیان ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکە لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، ئەم هەنگاوەش وایکردووە ئۆکرانیا و هاوپەیمانان پەلە بکەن لەوەدا کە کورسییەکییان لەسەر مێزەکە هەبێت، فەڕەنساش داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیای کردووە، ئەوەش لە پێناو بڕیاردان لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەوڵە کتوپڕە سیاسییەی ئەمەریکا لەگەڵ ڕووسیادا.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوە یوری یوشاکۆڤ دواتر گەشت دەکەن بۆ سعودیە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تامی بروس وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی مایک واڵتز و نوێنەری تایبەت ستیڤ ویتکۆڤ لە سعودیە لەگەڵ شاندە ڕووسیاییەکەدا کۆدەبنەوە. ئۆکرانیا بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا ناکات.
پێسکۆڤ وتی گفتوگۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی سەنگ دەخەنە سەر " گەڕاندنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا، هەروەها ئامادەکاریکردن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرێک بۆ ئۆکرانیا و ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان دوو سەرۆکەکەدا."
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە ئیماڕاتەوە وتی کۆبوونەوەکە " هیچ ئەنجامێکی نابێت " چونکە هیچ بەرپرسێکی ئۆکرانیایی لەو کۆبوونەوەیەدا نین.
زێلێنسکی وتی ڕۆژی دووشەممە سەردانی تورکیا دەکات و ڕۆژی چوارشەممە سەردانی سعودیە دەکات، ئاماژەی بەوەدا کە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی عەرەبی پەیوەندی بە گفتوگۆ پلان بۆ داندراوەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیاوە نیە کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەبچن.
بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردووە یەکێتییەکە قسەیەکی هەبێت لە هەر گفتوگۆیەکی ئاشتیدا لە ئۆکرانیا، زێلێنسکی و بەرپرسەکانیشی سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەوروپا ئامادە بێت لە گفتوگۆکاندا.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕۆڵی ئەوروپا لەم بابەتەدا، وتی " نازانم ئەوان دەبێت چی بکەن لەسەر مێزی گفتوگۆکردنەکە."
سەرچاوە/ AP
بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ڕووسیا گفتوگۆ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا و ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ترامپ و پۆتندا
